|
كورته‌یه‌ك له مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری هاوچه‌رخ له باشوری كوردستاندا
گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی مێژووی هونه‌ریی شێوه‌كاری هاوچه‌رخ له باشوری كوردستاندا، ئه‌وه شاری سلێمانی و هه‌ولێر زۆرترین به‌شی ئه‌و مێژوه‌یه‌یان به‌باڵا ده‌بڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شاری سلێمانی شارێكی نوێیه‌و له ساڵی 1784 له‌لایه‌ن بابانه‌كانه‌وه درووستكراوه، به‌ڵام بۆته شارێكی گرنگ و نوێكار له زۆرێك له بواره‌كانی ژیانی ئه‌ده‌بی و سیاسی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌هه‌مانكاتدا بوونی ئه‌و بیناسازییه گرنگه‌ی كه له قه‌ڵای هه‌ولێردا به‌دیده‌كه‌ین.
شێوه‌كار (حه‌مه كاكه) سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای كاری شێوه‌كاری له شاری سلێمانیدا ده‌ڵێت (ته‌مه‌نی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌شاری سلێمانی زیاتر له 90ساڵه، له‌و ده‌مه‌دا كۆمه‌ڵێك شێوه‌كاری ئێرانی هاتبوونه ناو شاری سلێمانی له‌دوای گه‌ڕانێكی زۆر له‌ناو شاری سلێمانی بڕیاریاندا له‌ناو حه‌مامی سوره‌ت كۆمه‌ڵێك تابلۆی ڕه‌نگین بنه‌خشێنن كه گشت پێداویستییه‌كانیان له ئێرانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه هۆكار كه خه‌ڵكی ئه‌و شێوه‌كارانه بانگ بكه‌ن تاكو تاق و تاكو په‌نجه‌ره‌و بنمیچی ناو ماڵه‌كانیان بۆ ڕه‌نگ و بنه‌خشێنن).(1)
(عوسمان به‌گ) ئه‌و ناوه ده‌بێت كه ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی ده‌ستپێكردووه، عوسمان به‌گ خه‌ڵكی سلێمانییه‌و سه‌ره‌تاكانی كاركردنی ئه‌م شێوه‌كاره بۆ ساڵی 1900 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و زۆرێك له نووسه‌ره عێراقی و عه‌ره‌بییه‌كانیش ئاماژه‌یان به‌و سه‌ره‌تایه داوه له‌وانه جبرا ئیبراهیم جبراله كتێبی (الحریه والگوفان)دا ده‌ڵێت " له‌سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا واتا سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئه‌فسه‌رێك هه‌بووه به‌ناوی عوسمان به‌گ وێنه‌یی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كێشاوه كه سه‌ردانی گڵكۆی مردووه‌كانیان ده‌كرد، ئه‌گه‌رچی هیچ تابلۆیه‌كی ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده نه‌ماوه، به‌ڵام تا ئێستا یادی ئه‌م هونه‌رمه‌نده هه‌ر ماوه‌ته‌وه".(2)
به‌ڵام له‌دوای عوسمان به‌گ له شاری سلێمانی شێوه‌كارێك به‌ده‌رده‌كه‌وێت به‌ناوی )حه‌سه‌ن فه‌لاح( كه خاوه‌نی تابلۆی (شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان)ه‌و به كۆنترین تابلۆی ئه‌ژمار كراوه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1919 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م شێوه‌كاره به پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نیگاركێشه كورده‌كانه‌وه كه نیگاریكێشاوه له قاچه‌وه ده‌ستیپێكردووه كه ئه‌وه‌ش شێوازێك بووه له هونه‌ری په‌یكه‌سازیدا هه‌یه نه‌ك له نیگاركێشاندا، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری تابلۆكانی ئه‌م شێوه‌كاره له‌نێوان ساڵانی 1910-1976 له‌سه‌ر دیواری چاپخانه‌كانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانی نه‌خشاندوێتی، له بۆیه‌ی ڕۆنی عادییه‌وه تا ده‌گاته ره‌نگی زه‌یتی هونه‌ریی به‌رهه‌می هه‌بووه، حه‌سه‌ن فه‌لاح ڕه‌سمی كردووه‌و ئه‌و بۆیانه‌ی كه هێنابووی بۆیه بوو بۆدره بوو له كاغه‌زدا ده‌یهێنا، وه‌كو ئه‌و بۆیانه‌ی كه له كۆنه‌وه له قه‌فقاسه‌وه ده‌هات بۆ نه‌خش و ڕه‌سمی سه‌ر دیواری ماڵه كۆنه‌كان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌زیز سه‌لیمدا كاریكردووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ دانیال قه‌ساب كاریكردوه‌و پیشانگه‌یان پێكه‌وه كردۆته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌مه‌ی فه‌ره‌نسیه‌كان سه‌رقاڵی دروستكردنی به‌نداوی دوكان‌و ده‌ره‌به‌ندیخان بوون (حه‌سه‌ن فه‌لاح)ماكێتی به‌نداوه‌كه‌ی بۆ دروستكردن.(3)
(حسین حوزنی موكریانی 1890-1947 ) ئه‌و كه‌سایه‌تییه كه ناتوانرێت به گرنگییه‌وه باس نه‌كرێت، توانیوێتی دنیایه‌كی تایبه‌ت له‌ناو باشوری كوردستان بۆ خۆی پاوان بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه هاتبوو، ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌سه له‌باشوری كوردستاندا هونه‌ری گرافیكی كردووه، واتا هونه‌ری گرافیك له باشوری كوردستان به حسین حوزنی موكریانی ده‌ستپێده‌كات، له‌و ده‌مه‌ی كه كتێبی (خونچه‌ی به‌هارستان) له ساڵی 1925 بڵاوده‌كاته‌وه زیاتر له بیست نیگاری تێدایه كه له‌لایه‌ن موكریانی خۆیه‌وه كێشراوه، هه‌روه‌ها خاوه‌نی یه‌كه‌مین كتێبی هونه‌رییه كه باس له‌هونه‌ری كۆڵین و هونه‌ری فۆتۆگرافی بێت به‌ناوی (وێنه‌گری و كۆڵین) له‌ساڵی 1934دا بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته یه‌كه‌مین سه‌رچاوه كه زاراوه‌ی هونه‌ری تێدا بێت و دواتر به‌كاربهێنرێته‌وه له‌وانه (وێنه‌گری، زه‌نگۆگراف، فۆتۆگراف، ئاله‌تی نیگاركێشان، فه‌نه‌ر،مه‌ره‌كه‌بی ته‌ڕ، لیتۆگرافی، ...هتد)، هه‌روه‌ها هه‌موو بابه‌ته‌كانی به وێنه‌ی گونجاو ڕوونكردۆته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا له (زاری كرمانجی) كه گۆڤارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی مێژوویی هونه‌ری مانگانه بووه به‌رگی گۆڤاره‌كه‌و زۆرێك له وێنه‌كانی ناوه‌وه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه كێشراوه.(4)
(دانیال قه‌ساب1913-2000) ئه‌و شێوه‌كاره ده‌ستڕه‌نگینه‌ی شاری هه‌ولێره كه له‌ڕووی ئاینه‌وه جوله‌كه بوون، ئه‌م شێوه‌كاره چ وه‌كو مامۆستای هونه‌ر له قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێردا ڕۆڵی هه‌بووه‌و خوێندكاره‌كانی پێكهاتوون له (جاپییر پیرداود، جه‌واد ره‌سوڵ، ناجی فوئاد، دڵداری شاعیر)، له‌هه‌مانكاتدا یه‌كێك بووه له‌و شێوه‌كارانه‌ی كه له پانتاییه‌كی فروانتر له‌شاری هه‌ولێر كاری كردووه بۆ نموونه له ساڵی 1941 چۆته به‌غداو له‌گه‌ڵ گروپی (اصدقا‌و الفن) و له هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سور له به‌غدا كاره‌كانی نمایش ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شێوه‌كارێكی خۆڕسك بووه، ساڵی 1948 ده‌بێته مامۆستای په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غداو له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا نه‌فیكراوه‌ته‌وه بۆ ئیسرائیل، (5)
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له خۆڕسكییه‌وه بۆته شێوه‌كارێكی ئه‌كادیمی له‌دوای ئه‌وه‌ی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان ته‌واو ده‌كات و یه‌كێك بووه له‌و شێوه‌كارانه‌ی كه دیكۆری زۆرێك له شانۆییه‌كانی شاری هه‌ولێری كێشاوه، ناودارترین تابلۆكانی پێكهاتوون له (قه‌ڵای هه‌ولێر، ئاغای گوندی عوبیدی، مناره‌ی چولی).
(عه‌زیز سه‌لیم 1915-2003) ئه‌و شێوه‌كاره خۆڕسكه بووه كه یه‌كه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی خۆی له گۆڕستانی شێخ جه‌حفه‌ر له خوار زانكۆی سلێمانی كردۆته‌وه كه ژماره‌ی تابلۆ نمایشكراوه‌كان 12 تابلۆ بووه، دووه‌مین پیشانگه‌ی له ساڵی 1934 له قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژ له سلێمانی كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین پیشانگه‌ی شێوه‌كاری له‌شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن ئه‌م شێوه‌كاره‌وه كراوه‌ته‌وه‌و یه‌كێكه له‌و شێوه‌كارانه‌ی كه گرنگی به سروشت و پرۆترێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی داوه‌و زه‌یتی ئه‌و ماتریاله بووه كه زۆرترین كاره‌كانی پێنه‌خشاندووه له‌كاره پرۆترێتییه‌كانی (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، شێخ مه‌حمودی حه‌فید، شێخ جه‌لالی حه‌فید، پیره‌مێرد....هتد)، هه‌روه‌ها له سروشتدا خاوه‌نی چه‌ندین تابلۆیه له‌وانه (شه‌قڵاوه، سه‌رچنار)، هه‌روه‌ها كاره‌كانی زۆرێك له‌و ساته‌نه‌وه نه‌خشێنراوه كه هونه‌رمه‌ند خۆی تیایدا ژیاوه.
ساڵی 1947 شێوه‌كارێك به‌ناوی (شێخ مسته‌فا به‌رزنجی) له سلێمانی به‌ده‌رده‌وێت و پاشان هه‌ریه‌كه له ئازاد شه‌وقی و عومه‌ری عه‌لی ئه‌مین و قادر كوردی ده‌ناسرێن وه‌كو شێوه‌كارێك.
شێوه‌كار (حه‌مه كاكه) ده‌رباره‌ی چۆنێتی نیشاندانی تابلۆی شێوه‌كارانی سلێمانی ده‌ڵێت (له ناو شاری سلێمانیدا (باخی میللی) هه‌بووه كه له به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌دا بوو، هونه‌رمه‌نده‌كان تیایدا كۆده‌بوونه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان تیایدا نیشانی یه‌كتری ده‌ده‌ن، له هه‌مانكاتیشدا نمایشی به‌رهه‌مه‌كانیشی تیادا ده‌كرا، كه ئاماده‌بووان ده‌هاتن بۆ بینینی ئه‌و به‌رهه‌مانه، یاخود به‌ناو هه‌ندێك له هۆڵـی خوێندنگاكاندا نمایشده‌كرا له‌وانه (ناوه‌ندی سلێمانی)، به‌ڵام له ساڵـی 1950 دا یه‌كه‌م پێشانگه كه ده‌كرێت به یه‌كه‌م پێشانگه‌ی ناو شاری سلێمانی بژمێردرێت كه له‌ناو (ناوه‌ندی كچان) نمایشكرا كه له‌سه‌روی مزگه‌وتی گه‌وره‌وه بوو، به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستایانان و خوێندكاره‌كانی له خۆگرتبوو كه بینه‌رێكی زۆر رووی له‌و پێشانگایه كرد كه (10) رۆژی خایاند).(6)
(به‌دیع باباجان-1923-1996) یه‌كه‌مین خوێندكاری كورد بووه كه‌له ساڵی 1945 چۆته به‌غدا تاكو هونه‌ری شێوه‌كاری به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بخوێنێت، ئه‌م هونه‌رمه‌نده جگه له‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌ندین هێڵكای دانسقه‌و تایبه‌ت كه بۆته مێژوویه‌كی گرنگ كه هێڵكاری بۆ شاعیره كلاسیكییه‌كانی كورد كێشاوه له‌وانه (نالی، سالم، كوردی، حه‌ریق، حاجی قادری كۆیی..هتد) هه‌روه‌ها درووستكه‌ری دراوی ئاسنی عێراقییه له‌وانه (5 فلس، 10 فلس، 25 فلس، 50 فلس، 100 فلس، 1 دینار) هه‌روه‌ها درووستكه‌ری ژماره‌یه‌كی زۆری به‌رگی كتێبه هونه‌ری و ئه‌ده‌بیه‌كانی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبانی كورد‌و عێراقییه، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه نه‌خشێنه‌ری لۆگۆی زۆرێك له ڕێكخراوه ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و مه‌ده‌نییه‌كانه له‌وانه لۆگۆی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له ساڵی 1970دا، هه‌روه‌ها به‌داوای ڕه‌سمی وه‌زاره‌تی دارایی عیراقی داوای لێكراوه كه بیتاقه‌ی یانسیب بۆ هه‌موو عیراق بنه‌خشێنێت، هه‌روه‌ها به ئیفاد له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه نێردراوه له سویسرا خولی هونه‌ری بینیووه‌و دواتر هاتۆته‌وه له‌دائیره‌ی مه‌ساحه العامه له به‌غدا دامه‌زراوه.
دوای به‌دیع باباجان هونه‌رمه‌ندانی تر وه‌كو (خالید سه‌عید، ئازاد شه‌وقی) له به‌غدا خوێندوویانه، خالید سه‌عید ساڵی 1953 چۆته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا، هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د عارف- سلێمان شاكیر، هاتبوونه په‌یمانگه بۆ خوێندنی هونه‌ر، خالید سه‌عید له‌ساڵی 1958 به ئیفاد نێردراوه بۆ ئیتاڵیا تاكو دیكۆری ته‌له‌فزیۆنی بخوێنێت، خالید
سه‌عید دیكۆر ده‌خوێنێت، له‌و كاته‌دا ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی عێراقیان له‌گه‌ڵدا بووه له‌وانه (محه‌مه‌د غه‌نی، سادق ره‌بیع، غانم ماهر) و له‌ساڵی 1964 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عیراق و له ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا دامه‌زراوه وه‌كو دیكۆریستێك له‌نێوان له‌ساڵی (1964-1987) له ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا كاریكردووه، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1965دا به ئیفادێكی تر چووه بۆ ئه‌ڵمانیای دیموكرات تاكو دیكۆر بخوێننێت و دوای ساڵ و نیوێك توانی بڕوانامه‌ی (ئارت دایركشن) به‌ده‌ست ده‌هێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عیراق و دوای دوو ساڵی تر به ئیفاد ده‌ینێرن بۆ دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی لیبیا‌و ئه‌و سه‌ردانه‌م ساڵ و نیوێكی خایاند، كاریگه‌ری سروشتی كوردستان هۆكارێكی گرنگی ئیلهامی كاره‌كانی خالید سه‌عید بووه.
ئازاد شه‌وقی یه‌كێكی تره له‌و شێوه‌كارانه‌ی شاری سلێمانی له‌ساڵی 1929 له‌دایكبووه‌و ساڵی 1953 چۆته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غداو مامۆستایان مامۆستاكانی (فائق حسن و اسماعیل الشیخلی و عه‌تا سه‌بری و فه‌ره‌ج عبو) بووه، ڕۆژی (21/11/1955) له سلێمانی بۆته مامۆستای هونه‌رو هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هاوڕێی هونه‌رمه‌ند خالید سه‌عید كه له‌ده‌وره‌ی خۆم بوو پێكه‌وه دیكۆری شانۆنامه‌ی (پیسكه‌ی ته‌ڕپیر) یان ئاماده‌كرد.(7)
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه زۆرێك له‌و شێوه‌كارانه خۆڕسك بوون و سه‌ره‌تاكانیش هه‌ر به‌وان ده‌ستیپێكردووه له‌وانه (حه‌سه‌ن فه‌لاح، عه‌زیز سه‌لیم، حسین حوزنی موكریانی، ئه‌نوه‌ر توفی، جه‌مال به‌ختیار) به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی كاره خۆڕسكه‌كانیانه‌وه توانیویانه ببنه به‌شێكی گرنگی ناو مێژووی شێوه‌كاری له باشوری كوردستاندا.
له‌ناو شاری هه‌ولێر جگه له شێوه‌كاران (دانیال قه‌ساب) ژماره‌یه‌ك شێوه‌كاری تر هۆكار بوون بۆ گه‌شه‌سه‌ندوێتی ئه‌م هونه‌ره له‌و شاره‌دا له‌وانه (جه‌واد ره‌سوڵ ناجی، ئه‌سكه‌نده‌ر جامباز، مونیر قه‌ساب، سلێمان شاكیر).
مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌شاری كه‌ركوك بۆ ساڵی 1943 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شێوه‌كار (عه‌زیز سه‌لیم) پیشانگه‌یه‌كی له چایخانه‌ی (یه‌دوڵڵا) كردۆته‌وه، دواتریش كۆمه‌ڵێك شیوه‌كار بوونه‌ته سیمایه‌ك بۆ ئه‌م شاره له‌وانه (ئه‌حمه‌د كاكه سور، مدحه‌ت كاكه‌یی، ئاری بابان، غازی محه‌مه‌د، گارا ڕه‌سوڵ)، به‌هه‌مان شێوه مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری له شاری دهۆك بۆ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تاكانی ساڵانی حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شێوه‌كاران (ئه‌حمه‌د جومعه، كه‌مال ملكی، قه‌دری حه‌یران) من به‌رهه‌می (قه‌دری حه‌یران) كه چه‌ند كارێكی په‌یكه‌رسازی كردبوو، ساڵانی هه‌شتاكانه كه به‌بڕوای من قۆناغی ده‌ستپێكردنی هونه‌ری شێوه‌كارییه له‌شاری دهۆكدا، له‌و قۆناغه‌دا ژماره‌یه‌ك خوێندكار به‌مه‌به‌ستی خوێندنی هونه‌ر ڕوویان كرده ئه‌كادمیای به‌غدا، هه‌روه‌ها په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی، هه‌روه‌ها په‌یمانگه‌ی هونه‌رجوانه‌كانی موسڵ، له‌وانه خوێندكاران (ره‌شید عه‌لی، عه‌دنان شینۆ، عه‌بدولڕه‌حمان وه‌حید كلحو، ستار عه‌لی، سلێمان عه‌لی، فازل یوسف، فه‌همی باڵایی، ئیسماعیل عزام، گوهدار سه‌لاح ا‌لدین، حه‌مید شه‌ریف، شه‌هید سه‌لمان، محه‌مه‌د ئیبراهیم به‌رواری، عماد عه‌لی تاهیر، سیروان شاكیر) و بوونه‌ته ڕووكاری ئه‌م هونه‌ره له شاری دهۆكدا، له‌هه‌مانكاتدا شێوه‌كارانی وه‌كو سه‌عدالدین سه‌عید باته‌یی نموونه‌یه‌كی تری گه‌شه‌وه‌یی هونه‌ری ئه‌و شاره بووه.
ساڵی 1980 په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی دامه‌زراوه‌و هۆكارێكی گرنگی گه‌شه‌كردنی هونه‌ری شێوه‌كاری بووه له باشوری كوردستاندا، هه‌روه‌ها بوونی چالاكی قوتابخانه‌كان هۆكارێكی تری گه‌شه‌كردن بووه، دواتر كۆلیژی هونه‌ر له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌و ده‌بێته هه‌نگاوێكی تر بۆ په‌ره‌پێدان به هونه‌ری شێوه‌كاری به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و دواتر له ساڵی 2005 ه‌وه به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له بواری هونه‌ری شێوه‌كاریدا له زانكۆی سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌و تا كۆتایی ساڵی 2011 زیاتر له 20 خوێندكار بڕوانامه‌ی ماسته‌رو یه‌ك خوێندكار بڕوانامه‌ی دكتۆرایان به‌ده‌ستهێناوه، له‌شاری هه‌ولێر كۆلیژی هونه‌ر له‌ساڵی 2004 دامه‌زراوه‌و 5 خوێندكار توانیویانه ئه‌و بڕوانامه‌یه به‌ده‌ست بهێنن.
لةسلێمانی جياواز لة شارەكانی تر درووستبوونی گروپ و كۆمەڵەی هونەرییە، هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە (كۆمەڵەی هەشت)12/12/ 1991، (گروپی هاوڕیانی شێوەكار) 24/9/1993، (گروپی گزنگ ) 1992، گروپی (دەستەی تەم) 1993، گروپی (شێوەكارانی سەربەست) سەربەست لە 20/8/1999، ساڵی 1999 گروپێكی كچانی شێوەكار لە سلێمانی درووست بوو بەناوی (پێنج كچە هونەرمەند) درووست بوو كە پێكهاتبوون لە شێوەكاران (ساكار فارووق، دالیا موراد، شیلان جەبار، تارا خالید، شوعلە سلێمان) لە ڕۆژانی 12-16/ 2/1999 لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی یەكەمین پیشانگەیان كرایەوە.
كاریگه‌ری هونه‌رمه‌ندانی كورد له ئه‌وروپاو گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان
گه‌ر هه‌ر له‌یه‌كه‌مین ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه چوونه‌ته ده‌ره‌وه بۆ خوێندن كه هونه‌رمه‌ند به‌دیع باباجان و خالید سه‌عید و پاشان جه‌مال به‌ختیار و عه‌زیز سه‌لیم و دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان توانیوویانه كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشیان بۆ سه‌ر ئاستی هونه‌ر له‌و شاره‌دا كه خۆی وانه‌و ڕێنمایی ده‌ڵێته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌زموونێكی هێناوه‌ته‌وه‌و فێربووه كه ناو شاره‌كانی كوردستان ئاشنا نه‌بوون پێی.
دواتریش به‌شداری كاری هونه‌رمه‌ندانی كورد له پیشانگه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا بۆخۆی ئه‌زموونێكی گه‌وره بووه له‌وانه كاره‌كانی لاله عه‌بده، عه‌تا قه‌زاز، سمكۆ تۆفیق، ئاسۆ سدیق، محه‌مه‌د عارف، گارا، ڕێبوار سه‌عید، وشیار سه‌عید، به‌ختیار سور، ڕێناس، به‌هادین، عه‌ونی سامی، عه‌دنان شینۆ، به‌ختیار مسته‌فا، ڕه‌مزی قوتبه‌دین، وه‌لید سیتی، هیوا عه‌بدوڵڵا، عه‌لی له‌تیف، ئازاد شه‌وقی، ئیسماعیل خه‌یات، ئاشنا عه‌بدوڵڵا، ئازاد نانه‌كه‌لی، دارا حه‌مه سه‌عی، دارا ئارام، دارۆ، كوێستان جه‌مال، مه‌ریوان جه‌لال، نه‌هرۆ شه‌وقی، سالار مه‌جید، عه‌بدوڵڵا ڕه‌سوڵ، عوسمان قادر، قه‌ره‌نی جه‌میل، ڕێبوار خالید، ڕۆژگار مه‌حمود، شوعله سلێمان.
گه‌ڕانه‌وی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌و خوێندنی هونه‌ر به‌و شێوه پێشكه‌وتووه‌ی ئه‌وروپاو هێنانه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه بۆ كوردستان به‌دڵنیایی كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشی به‌جێهێشتووه‌و توانیوێتی هاوسه‌نگییه‌كی زۆر باش له‌نێوان ئه‌و ئه‌زموونانه‌و ئه‌زموونی نوێ به‌ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و دیاریده‌یه به‌تایبه‌ت له‌ناو په‌یمانگه‌و كۆلیژی هونری شاره‌كاندا به‌زه‌قی به‌ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و مامۆ ستایانه‌ی كه ئه‌و هه‌لی سه‌فه‌روه‌و خوێندنه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خساوه كه‌متر بوار به‌و كه‌سه ئه‌كادمیایانه ده‌ده‌ن كار بكه‌ن و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی خۆیان له كوردستان بڵاوبكه‌نه‌وه.
گه‌ر به نموونه ناوی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكیان بهێنیینه‌وه كه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ شاره‌كانیان چ كاریگه‌رییه‌كان درووستكردووه، بۆ نموونه له شاری سلێمانیدا هاتنه‌وه‌ی شێوه‌كار (ڕێبوار سه‌عید) له‌ساڵی 2003 بۆ شاری سلێمانی توانی شێوازی كاری هونه‌ری شێوه‌كاری بگۆڕێت هه‌ر له ستایلی كاركردن و چۆنێتی درووستكردنی پڕۆژه‌ی هونه‌ری كه پێشتر پڕۆژه‌ی هونه‌ری به‌و شێوه نه‌كرابوو باشترین نموونه‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌ش كه هونه‌رمه‌ند ڕێبوار سه‌عید ئه‌نجامی داوون، پڕۆژه‌ی پالێت له ڕه‌نگ كه 65 شێوه‌كار له‌شاره‌كانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، دهۆك به‌شداریانكردبوو كه پڕۆژه‌یه‌ك بوو تایبه‌ت به كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه كه به‌شداران له‌سه‌ر ئه‌ندازه‌ی 20-20 له‌گه‌ڵ 20-40 كاره‌كانی ئه‌نجام دابوو.
پڕۆژه‌ی دووه‌م به‌ناوی (ئه‌نفال خۆری ڕه‌شپۆش) تایبه‌ت بوو به كاره‌ساتی ئه‌نفال كه شێوه‌كاران له‌شاره‌كانی سنه، سلێمانی، كه‌ركوك، خانه‌قین، كه‌ركوك، دهۆك، هه‌ولێر به‌شداریانكردبوو كه هونه‌رمه‌ندان ئازادبوون له‌سه‌ر ستایلی كاركردن به‌ڵام ته‌نها ئه‌ندازه‌ی كاركردن دیاریكراوه كه 20-20 بووه‌و له‌م پڕۆژه‌یه‌دا 119 شێوه‌كار به‌شداریانكردبوو.
پڕۆژه‌ی ژینگه و پڕۆژه‌ی چۆنێتی سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی منداڵان كه هه‌ر یه‌ك له‌م پڕۆژنه‌ش چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ته‌مه‌ن جیاواز ئاست جیاواز به‌شداریان تێداكردووه، هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی ڕێبوار سه‌عید پڕۆژه‌ی مۆزه‌خانه‌ی هاوچه‌رخی هاوچه‌رخی سلێمانی درووستكراو بانگهێشتنی شێوه‌كاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌وه له‌ناو كۆلیژی هونه‌ری زانكۆی سلێمانیدا كه هونه‌رمه‌ند سه‌رۆكی به‌شی شێوه‌كاری بوو كه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه وانه‌ی تایبه‌ت به خوێندكاران بڵێته‌وه، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی تری فراوانبوونی زانیارییه‌كانی خوێندكاران بووه.
له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شێوه‌كار (قه‌ره‌نی جه‌میل) له ئیسپانیاوه بۆ شاری هه‌ولێر، هاتنه‌وه‌ی هۆكارێكی گرنگ بوو ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌و شاره‌دا، هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی ئه‌م شێوه‌كاره‌دا بوو كه یه‌كه‌مین گۆڤاری تایبه‌ت به هونه‌ری شێوه‌كاری دامه‌زرێنراو تائێستاش گۆڤاره‌كه له ده‌رچواندن به‌رده‌وامه، هه‌روه‌ها توانی گرنگییه‌كی تایبه‌ت بداته شێوه‌كاره لاوه‌كان كه پێشتر ئه‌و گرنگییه‌یان پێ نه‌درابوو، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی لاوه‌كان به به‌رده‌وامی ببنه خاوه‌نی پڕۆژه‌ی هونه‌ری له‌و شاره‌دا.
له‌شاری دهۆك و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێوه‌كاران عه‌دنان شینۆ، عه‌ونی سامی هۆكارێكی گرنگ بوو بۆ شێوه‌كاران به تایبه‌تی و به‌گشتی خوێندكارانی په‌یمانگه‌ی هونه‌رجوانه‌كانی دهۆك، عه‌دنان شینۆ وه‌كو شێوه‌كارێكی به ئه‌زموون هۆكاری درووستكردنی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌كانی ناو شاری دهۆك كه كارێكی په‌یكه‌رسازییه، له‌هه‌مانكاتدا هۆكارێكی گرنگی هاندانی مامۆستایان و خوێندكاران بووه له‌و شاره‌دا.
عه‌ونی سامی یه‌كێكی تره له‌و شێوه‌كارانه‌ی كه گرافیكی خوێندووه‌و له وڵاتی هۆڵندا بووه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه گرافیك له‌و شاره‌دا هه‌نگاوێكی گه‌ورترو زانستی تری به‌خۆوه بینی، له‌هه‌مانكاتدا هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی گرافیك له‌زاخۆ كه بووه گۆڕانێكی نه‌وعی له‌و بواره‌دا.
ئه‌نجام ده‌توانین بڵێن گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه بۆ شاره‌كانیان توانیوویان هۆكاربن بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری هه‌نگاوێك به‌ره‌و زیاتر زانستی بوونی هونه‌ره‌و درووستكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌و كارری شیاو كه پێشتر بیری لێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامیش نه‌دراوه، هه‌روه‌ها شێوه‌كار (عه‌لی جۆلا) یه‌كه‌مین خوێندكاری كورد بووه كه له ساڵی 1966 كه ئه‌كادیمییه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واو كردووه، هه‌روه‌ها هاتنی شێوه‌كار (ئیسماعیل خه‌یات) بۆ سلێمانی كه توانیوێتی كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت.
یه‌كێكی تر له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌وه له‌شاری سلێمانی درووست بووه بوونی كۆمه‌ڵه‌و گروپی هونه‌ری و گه‌له‌ری و ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندان بووه، بۆ نموونه له ساڵی 1983وه ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له شاخ درووست ببوو، دواتر كاری ئه‌م ڕێكخراوه له‌ناو شاره‌كاندا درێژه‌ی هه‌بوو، هه‌روه‌ها درووستبوونی گه‌له‌رییه‌كانی (سالار مه‌جید، زاموا) له‌ساڵی 2005دا، گه‌له‌ری سلێمانی 1995، گه‌له‌ری ئه‌منه سوره‌كه 2003، گه‌له‌ری ئارام 2004، گه‌له‌ری سه‌رده‌م 2006، هه‌روه‌ها درووستبونی (كۆمه‌ڵه‌ی هه‌شت) 1991 ئه‌ندامه‌كانی سه‌ره‌تای پێكهاتبوون له (هاوڕێ ئه‌نوه‌ر، به‌ختیار قه‌فتان، ئاراز حه‌مه، كه‌مال عه‌لی، خه‌سره‌و حسین، محه‌مه‌د فه‌تاح، سوعاد ستار)، و دوای یه‌كه‌مین نمایش ئاكۆ غه‌ریب هاته شوینی كه‌مال عه‌لی و له‌و ته‌مه‌ندا توانین (5) نمایشیان هه‌بێت له سلێمانی و هه‌ولێرو هۆك، گروپی (گزنگ) له ساڵی 1992له شاری سلێمانی دامه‌زراوه‌و ئه‌ندامانی امه‌زرێنه‌ری پێكهاتبوون له (دڵشاد عه‌لی، شكۆ عه‌لی، به‌كر، محه‌مه‌د نه‌وره‌س، هاوڕێ محه‌مه‌د)، دواتر گروپی (ده‌سته‌ی ته‌م) له‌ساڵی 1993دامه‌زراوه ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پێكهاتبوون له (سامانه ڕه‌ش، سه‌ربه‌ست عومه‌ر)و دواتریش (به‌هادینی شێخ كه‌ریم، وریا نه‌جمه‌دین، فاتیمه ئاخجه‌له‌ری، محه‌مه‌د ئیسماعیل)بوونه‌ته ئه‌ندامی گروپه‌كه، له ساڵی 1998دا گروپی (شێوه‌كارانی سه‌ربه‌ست) له سلێمانی دامه‌زراو ئه‌ندامانی ئه‌م گروپی پێكهاتبوو له (به‌هادین مه‌حمود، جه‌بار سابیر، سامان عه‌بدولخالق، چنار عه‌بدولخالق، روناك عوسمان، تۆفیق محه‌مه‌د، ته‌ها عومه‌ر، هاوار مه‌جید، هیوا سه‌عید).(8)
هه‌روه‌ها دروستبوونی گروپی كچانی شێوه‌كار له‌ناو شاری سلێمانی یه‌كێك بوو له‌و دیاردانه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندێتی به‌خشیبووه كاری ژنانی شێوه‌كار له‌م شاره‌دا كه سه‌ره‌تا به كردنه‌وه‌ی پیشانگه‌ی خانمانی شێوه‌كار ده‌ستیپێكرد كه بیرۆكه‌ی شێوه‌كار (محه‌مه‌د فه‌تاح) بوو له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری سلێمانی كه هه‌موو ساڵێك له ڕۆژی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژناندا پیشانگه‌یان ده‌كرده‌وه، دواتر له‌ساڵی 1999 (پێنج كچه شێوه‌كار) درووست بوو له‌شێوه‌ی گروپ كه هه‌ریه‌ك له شێوه‌كاران (ساكار فاروق، دالیا موراد، شیلان جه‌بار، تارا خالید، شوعله سلێمان)و توانیان سێ پیشانگه له ساڵه‌كانی (1999-2000-2001)، دواتریش له ساڵی (گروپی گوڵه به‌ڕۆژه‌كان) درووست بوو كه ئه‌ندامانی ئه‌م گروپه پێكهاتبوون له (ساكار فاروق، دالیا موراد، شیلان جه‌بار، تارا خالید، شوعله سلێمان) ئه‌م گروپه دوو پیشانگه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كردۆته‌وه.(9)
ساڵی 1995 له‌شاری هه‌ولێر (گه‌له‌ری ئه‌ربیلا) كرایه‌وه‌و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ته‌مه‌نی كاركردنی هه‌بوو، هه‌روه‌ها له ساڵی 2007دا (گه‌له‌ری ڕۆژ)له‌لایه‌ن شێوه‌كار (نامیق عه‌لی)ه‌وه كرایه‌وه، له‌ساڵی 1989دا له‌گه‌ڵ شێوه‌كار (بورهان سابیر) له‌ناو قه‌ڵای هه‌ولێر (گه‌له‌ری ئاری)یان كرده‌وه، هه‌روه‌ها له ساڵی 1999 گه‌له‌ری كوردستان كرایه‌وه، له‌ساڵی 2004دا گه‌له‌ری كۆیه كرایه‌وه‌و شێوه‌كار (حه‌مه هاشم) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1989دا له‌شاری دهۆك (گه‌له‌ری دهۆك) دامه‌زرێنرا.
سه‌رچاوه‌كان.
1-به‌ختیار سه‌عید (دنیا بینییه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی) به‌شی یه‌كه‌م 2004لا 4.
2- جبرا ئیبراهیم جه‌برا (الحریه والگوفان).
3- دیداری (حاجی ئه‌حمه‌د عه‌لی) له ڕۆژی 7/6/1992 له‌لایه‌ن شێوه‌كار (خالید ڕه‌سوڵ)ه‌وه سازكراوه كه حه‌سه‌ن فه‌ڵاح له‌ناو چایخانه‌كه‌ی ئه‌ودا ڕه‌سمی كردووه.
4-به‌ختیار سه‌عید (دنیا بینییه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی) به‌شی دووه‌م 2005لا 65.
5- فه‌رهاد پیرباڵ (پێشه‌نگه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری له كوردستاندا) 2010لا 70.
6- به‌ختیار سه‌عید (دنیا بینییه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی) به‌شی یه‌كه‌م 2004لا 5.
7- به‌ختیار سه‌عید كوراسه‌ی (به‌دیع باباجان) 2010 سلێمانی، دیداری شێوه‌كار (خالید سه‌عید) له‌لایه‌ن (خالید ره‌سوڵ) به كامێرای ڤیدیۆ له29/8/1991.
8- به‌ختیار سه‌عید (دنیا بینییه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی) به‌شی یه‌كه‌م 2004لا 101.
9- به‌ختیار سه‌عید (ژنانی شێوه‌كار له‌باشوری كوردستان) 2011لا 15.
|
|